لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان پانێڵێکی زانستی لەسەر «شەکر، شیرینکەرە سروشتییەکان یاخود شیرینکەرە دەستکردەکان» بەڕێوەچوو

ڕێکەوت : 11 - Oct - 2026
لە چوارچێوەی چالاکییە ئەکادیمی و زانستییە بەردەوامەکانیدا بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە ڕووی تەندروستی و خۆراکییەوە، پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان پانێڵێکی زانستیی تایبەتی لەژێر ناونیشانی:
«بژاردە شیرینەکان: شەکر، شیرینکەرە سروشتییەکان یاخود شیرینکەرە دەستکردەکان»
لە هۆڵی کۆنفرانسی شێخ فاخر شێخ تەیب قەیوانی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە پسپۆڕان، مامۆستایان و فێرخوازانی پەیمانگە ئەنجامدا.
تەوەرەکانی پانێڵەکە:
لە میانی پانێڵەکەدا، بە شێوازێکی پزیشکی و زانستیی ورد تیشک خرایە سەر یەکێک لە باوترین پرسە تەندروستییەکانی سەردەم، کە ئەویش جیاوازیی نێوان شەکری ئاسایی و جێگرەوە سروشتی و دەستکردەکانیەتی.
پانێڵیستەکان تاوتوێی کاریگەرییە نەرێنی و ئەرێنییەکانی ئەم شیرینکەرانەیان لەسەر جەستەی مرۆڤ و نەخۆشییە درێژخایەنەکان (وەک شەکرە، قەڵەوی و نەخۆشییەکانی دڵ) کرد. هاوکات لە ڕوانگەی زانستی دەرمانسازی و ژەهرزانییەوە، پێوەر و ڕێژەی سەلامەتیی شیرینکەرە دەستکردەکان (وەک ئەسپارتام) و مەترسییەکانی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەریان ڕوونکرایەوە، لەگەڵ خستنەڕووی ڕێنمایی زانستی بۆ دەستنیشانکردنی تەندروستترین بژاردە بۆ سیستەمی خۆراکی ڕۆژانە.
پانێڵیستە پسپۆڕەکان:
م. هدی غفور ڕەوف - مامۆستا لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان.
د. سانا ماجد محمد - پزیشکی دەرمانساز و ماستەر لە دەرمانسازی و ژەهرزانی.
د. سەلمان جاف - پسپۆڕی کلینیکی خۆراک لە نەخۆشخانەی هیوا.
بەڕێوەبەری پانێڵ:
د. نزا بورهان ئەحمەد - مامۆستا لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا، دەرگای گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بۆ ئامادەبووان کرایەوە و لەلایەن پسپۆڕانی پانێڵەکەوە وەڵامی سەرجەم پرسیار و تێبینییە تەندروستییەکان درایەوە بە مەبەستی گەیاندنی هۆشیاریی تەواو بە فێرخوازان و ئامادەبووان.

2030 © پارێزراوە لە لایەن KTI
Visitor : 2267245