
مێژوویەک کە تەنها ئێمە تۆمارمان کرد؛ پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان، تاکە پەیمانگەی هەڵگری متمانەبەخشینی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم
ڕێکەوت : 11 - Oct - 2026
لە مەراسیمێکی شکۆداردا پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان دەستکەوتێکی مێژوویی و بێوێنەی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
پاش ٦ مانگ لە هەڵسەنگاندنی ورد و سەربەخۆ لەلایەن دەستەی متمانەبەخشی نێودەوڵەتی (IEAC)ی بەریتانی بۆ سەرجەم بەش و پڕۆگرام و جومگە کارگێڕییەکانی، پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان متمانەپێدانی نێودەوڵەتی بە بەرزترین ئاست کە پلەی (٥ ئەستێرە)یە پێبەخشرا، بەمەش دەبێتە تاکە پەیمانگە لەسەر ئاستی عێراق کە خاوەنی ئەم دانپێدانان و متمانە نێودەوڵەتییە بێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم متمانەپێدانە، پەیمانگە دوو خەڵاتی تایبەتی لە هەمان دامەزراوەی بەریتانی بەدەستهێنا بۆ:
١. فێربوونی پراکتیکی و بەستنەوەی خوێندن بە بازاڕی کار.
٢. داهێنانی دیجیتاڵی لە وانەوتنەوە و هەڵسەنگاندندا.
هەروەها سەنتەری (ئێکسلێنس)ی پەیمانگەش متمانەبەخشینی نێودەوڵەتیی تایبەت بەخۆی وەرگرت بۆ پێشکەشکردنی بڕوانامە باوەڕپێکراوەکانی وەک ASIQUALی بەریتانی.
پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١٥ تەنها بە ٤ بەش دەستی پێکرد، ئەمڕۆ وەک گەورەترین پەیمانگەی هەرێم بە ١٢ بەشی زانستی و پێگەیاندنی نزیکەی ٥ هەزار دەرچوو، دەستکەوتی ناوازەی تۆمار کردووە؛ لەوانە: بەدەستهێنانی بڕوانامەی ISO 9001، چوونە نێو ڕیزبەندیی جیهانیی Webometrics، تۆمارکردنی لە ڕیزبەندیی کاریگەریی تایمزی بەریتانی (THE Impact Rankings)، و بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی عێراق لە ڕیزبەندیی سەنتەری توێژینەوەی SCImago.
بەدەستهێنانی ئەم متمانە نێودەوڵەتییە، گرەنتییەکی فەرمییە بۆ فێرخوازان تا بڕوانامەکانیان هاوتای ستانداردی جیهانی بێت و دەرگای بازاڕی کاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتییان بۆ واڵا بکات، لەگەڵ دروستکردنی دڵنیایی زیاتر بۆ کۆمەڵگە لەسەر کواڵێتی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە پەیمانگەکەدا.