Image

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی دەرووندروستییەوە، پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان و سێ ناوەندی ئەکادیمی چالاکییەکی ٣ ڕۆژە ساز دەکەن

ڕێکەوت : 05 - Oct - 2026

 بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی دەرووندروستی، سەنتەری ڕاوێژکاریی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان، بەهاوبەشی لەگەڵ (زانکۆی گەرمیان، پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی گەرمیان، و پەیمانگەی ناشناڵ) چالاکییەکی زانستیی فراوانی ٣ ڕۆژە بەڕێوەدەبات، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی دەروونی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا.

لە میانی ئەم چالاکییەدا، تیشک دەخرێتە سەر گرنگیی هۆشیاریی دەروونی و سەردانیکردنی سەنتەرەکانی ڕاوێژکاری لەلایەن فێرخوازانەوە. پسپۆڕان و ڕێکخەرانی چالاکییەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە وەرگرتنی ڕاوێژی دەروونی ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە کەمکردنەوەی فشارەکانی خوێندن و چارەسەرکردنی گرفتەکان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا، پێش ئەوەی ببنە بارگرانییەکی قورس بەسەر ژیانی زانستی و کەسیی فێرخوازەوە.

بەرنامەی پانێڵەکان بە درێژایی سێ ڕۆژ و لە چەند ناوەندێکی جیاوازی ئەکادیمی بەم شێوەیە بەڕێوەدەچێت:

  • ▫️ یەکشەممە: پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان (هۆڵی کۆنفرانس)

  • ▫️ دووشەممە: زانکۆی گەرمیان

  • ▫️ سێشەممە: پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی گەرمیان

ئامانج لەم هەنگاوە هاوبەشە ئەکادیمییە، ڕەخساندنی کەشێکی لەبارە بۆ گفتوگۆکردنی کراوە لەسەر تەندروستیی دەروونی و نەهێشتنی شەرم لەم بابەتەدا، هاوکات هاندانی گەنجان و فێرخوازانە تا لە پاڵ سەرکەوتنی زانستیدا، بایەخی تەواو بە ئارامی و تەندروستیی دەروونیی خۆیان بدەن.




بینراو : 189