Image

لە دووەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا؛ ژمارە (٨)ی بڵاوکراوەی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان (KTI Newsletter) کەوتە بەردیدی خوێنەران

ڕێکەوت : 06 - Oct - 2026

دووەمین ساڵیادی دامەزراندن و دەرچوونی ژمارە (٨)ی بڵاوکراوەی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان (KTI Newsletter)

 

٨

ژمارەی بڵاوکراوە

 

٢

ساڵ لە بڵاوکردنەوە

 

٢

زمان: کوردی و ئینگلیزی

 

لەگەڵ دەرچوونی ژمارەی هەشتەمی بڵاوکراوەی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان (KTI Newsletter)، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی ئاراستەی ڕاگرایەتی، ئەنجومەنی پەیمانگە، مامۆستایان، فەرمانبەران و فێرخوازانی پەیمانگەکەمان دەکەین. ئەم ژمارەیە هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی دوو ساڵی تەواو بەسەر تەمەنی ئەم بڵاوکراوە زانستی و ئەکادیمییەدا؛ دوو ساڵ لە هەوڵی بەردەوام، بڵاوکردنەوەی زانیاری و نیشاندانی بەرهەم و چالاکییە ئەکادیمی، تەکنیکی و کۆمەڵایەتییەکانی پەیمانگە.

لە ڕۆژی دەستپێکیەوە، بڵاوکراوەی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان تەنها بڵاوکراوەیەکی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی نەبووە، بەڵکو وەکو پردێکی پەیوەندی زانستی و کولتووری لە نێوان پەیمانگە و کۆمەڵگەی ئەکادیمی کاریکردووە. دەرچوونی ئەم بڵاوکراوەیە بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی گوزارشت لە دیدگای هاوچەرخانەی پەیمانگە دەکات بۆ کرانەوە بەڕووی جیهاندا و گەیاندنی دەنگ و دەستکەوتە زانستییەکانمان بە ڕووبەرێکی زانستی فراوانتر.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بڵاوکراوەکەمان توانیویەتی ببێتە تۆمارێکی گرنگ و جێگیری هەموو ئەو هەنگاوە ستراتیژییانەی کە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان ناویەتی؛ لە بەرەوپێشبردنی ئاستی دڵنیایی جۆری و گەشەپێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن، تاوەکو ئەنجامدانی سیمینار و کۆنفرانسی زانستی و بەستنی پەیوەندی ئەکادیمی لەگەڵ ناوەندەکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوەندە جیهانییەکان.

گەیاندنی بڵاوکراوەکە بە ژمارە (٨) نیشانەی پابەندبوونی بێپچڕانی ڕوانگەی بەڕێوەبردنی جۆری و لیژنەی سەرپەرشتی و دەرکردنی بڵاوکراوەکەیە لەپێناو بەردەوامیپێدانی ئەم پرۆسە زانستییە. بەدیهێنانی ئەم سەرکەوتنە بەبێ ماندووبوونی مامۆستایان، توێژەران، و ستافی تەکنیکی و بەڕێوەبردن مەیسەر نەدەبوو، کە بە بیرۆکە و وتارە زانستییەکانیان ناوەرۆکی بڵاوکراوەکەیان دەوڵەمەند کردووە.

لە دووەمین ساڵیادی ئەم بڵاوکراوەیەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پشتیوانیکردنی ئەم سەکۆ ئەکادیمییە، بۆ ئەوەی بڵاوکراوەی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان بەردەوام بێت وەک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆ بڵاوکردنەوەی نوێکارییە زانستییەکان و بەیەکگەیاندنی زانست و کارامەیی. لەم سۆنگەیەشەوە سوپاس و دەستخۆشی لە لیژنەی سەرپەرشتی و دەرکردنی گۆڤارەکە و سەرجەم بەشداربووان دەکەین و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی زیاتریان بۆ دەخوازین.

 

بڵاوکراوەی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان بە شێوەی وەرزی دەردەچێت و سەرجەم کاروچالاکییە زانستی و ئەکادیمیەکانی تێدا بڵاو دەکاتەوە. بڵاوکراوەکە بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی دەردەچێت بۆ خوێندنەوەی بڵاوکراوەکە بە زمانی کوردی سەردانی ئەم لینکە بکەن لینکی بڵاوکراوە بە کوردی بۆ خوێندنەوەی بڵاوکراوەکە بە زمانی ئینگلیزی سەردانی ئەم لینکە بکەن لینکی بڵاوکراوە بە ئینگلیزی

بینراو : 261