Image

لە لوتکەی شارەوە بۆ دڵی مێژوو؛ فێستیڤاڵی یادی ٢٤٢ ساڵەی بونیادنانی سلێمانی تابلۆیەکی پڕ لە شکۆی نەخشاند

ڕێکەوت : 16 - Nov - 2026

دوای دوو ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی بەردەوامی کەرنەڤاڵێکی بێوێنەی کلتووری، هونەری و جەماوەری، بە ئامادەبوونی دەیان هەزار هاووڵاتی لە سەرتاسەری کوردستان، کارەکانی «فێستیڤاڵی یادی ٢٤٢ ساڵەی بونیادنانی شاری سلێمانی» کە لەلایەن پەیمانگەی تەکنیکیی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگەی کۆمپیوتەری سلێمانیی ناحکومی لە کەمپی پەیمانگە لە بەرزاییەکانی سلێمانی سازکرابوو، بە سەرکەوتوویی و بە شکۆیەکی مەزنەوە کۆتایی هات.

ڕۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکە لە کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ دەستیپێکرد، کە تێیدا دەرگای زیاتر لە ٥٠ گۆشە و شوێنی کلتووری، فۆلکلۆری و پیشە دەستییە مێژووییەکانی سلێمانی بەڕووی میواناندا واڵا بوون. هاوکات لەسەر ستەیجی سەرەکی زنجیرەیەک بڕگەی هونەریی دەوڵەمەند پێشکەشکران؛ لەوانە کۆنسێرتی فۆلکلۆریی تیپی مۆسیقای ماد، بەستە میللییەکانی گروپی کاک سەربەست، و ئاوازی گۆرانی و مۆسیقای زیندوو لەلایەن تیپی مۆسیقای میرۆ. لە بڕگەیەکی پڕ لە سۆزدا، کۆرسی قوتابیانی کوردجینیس بە سەرپەرشتیی م. هۆگر محەمەد ئەحمەد چەندین سرود و گۆرانیی کۆن و نیشتمانییان چڕی کە جۆش و خرۆشێکی نیشتمانپەروەرانەی بەخشییە فێستیڤاڵەکە.

لە بەشی پاشنیوەڕۆدا، هاتنەسەر ستەیجی هونەرمەند مازیار بەختیار و میوزیسیان ڕیاز نزار، بە گۆرانییە شاد و هەڵپەڕکێکانیان گۆڕەپانی فێستیڤاڵەکەیان هێنایە لەرزین؛ دواتریش بە بەشداریی هونەرمەندی میللی ئازاد مەحمود شلک و دەنگە زوڵاڵەکانی هەردوو هونەرمەندی ناودار پەیوەند جاف و هەردی عوسمان، فێستیڤاڵەکە گەیشتە لوتکەی جۆش و خرۆش و دڵی ئامادەبووانی بە جلی ڕەسەنی کوردییەوە شاد کرد.

لە مەراسیمی کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا، لەلایەن ڕاگرایەتیی پەیمانگەوە «قەڵغانی شکۆی سلێمانی» بەخشرا بە تەواوی سپۆنسەر و هاوبەشە سەرەکییەکان بۆ ڕۆڵی کاریگەریان لە سەرخستنی یادەکە، لەوانە: بانکی ئەربیل (سپۆنسەری سەرەکی)، دەزگای میدیایی کوردسات (پاڵپشتی میدیایی)، کۆمپانیای مۆنلاین (سپۆنسەری پلاتینیۆم)، ڕێکخراوی CDO و چێشتخانەی La Perla (سپۆنسەرانی زیوی)، هاوکات ڕێز لە سەرجەم هونەرمەندان و ستافی خۆبەخشی خوێندکاران نرا.

فێستیڤاڵەکە لە کاتی ئاوابوونی خۆر و لەگەڵ داگیرسانی چراکانی شار،لە لوتکەی شارەوە بە فەرمی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.


بینراو : 188