بەڕێوەبەرێتی کوالێتی کارگێری

ڕێکەوت : 14 - Dec - 2024

بەڕێوەبەرێتی کوالێتی کارگێری لە پەیمانگای تەکنیکی کوردستانی (KTI) یەکێکە لە بەرێوەبەرێتیە گرنگەکان وکار لەسەر کوالێتی کارگێری و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی دڵنیایی جۆری و بەرەوپێشچوونی بەردەوام لە بواری ئەکادیمی، کارگێڕی و  خزمەتگوزاری فێرخوازاندا. ئەم بەڕێوەبەرێتیە بەرپرسیارە لە گەشەپێدان و جێبەجێکردنی ستراتیژەکان بە مەبەستی دڵنیا بوون لە کارکردن لەسەر ستانداردەکان و باشترکردنیان بۆ کوالێتی خوێندن و  خزمەتگوزارییەکان و ئەدای گشتی دامەزراوەکە. هاوکات کاردەکات بۆ بوون بە پێشەنگ لە سێکتەری خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و عێراق و تەنانەت دەرەوە عێراق.


دیدگا:

دڵنیابوون لەوەی کە پەیمانگە وەک ناوەندێکی کارا و جیاواز دەبێت بە تایبەت لە کوالێتی خوێندن و بەرێوەبردندا ، کە پەیوەست بێت بە ستانداردە نێودەوڵەتیەکان لە رووی کارایی ئەکادیمی و کارگێڕی، وە کاراکتەریكی گرنگی کۆمەڵگە بێت بۆ پێگەیاندنی کادیرێکی بە توانا بۆ ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە.


ئەرک:

١. هێشتنەوە و پەرەپێدان و باشترکردنی بەردەوامی کوالێتی خوێندن.

٢. ڕاهێنانی ستاف و مامۆستایان و وە پێشکەشکردنی هەموو ئەو خزمەتگوزاریانەی کە پێویستن بۆ بەرەو پێشچوونی توانی زانستی.

٣.  هاوکار و هەماهەنگ بوون بۆ بەشە زانستیەکان و یەکە کارگێڕییەکان و سەرجەم بەش و پێکهاتەکانی پەیمانگە لە جێبەجێکردن و بەدیهێنانی ئامانجە گشتیەکان، بەپێی  پێوەرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.


ئامانجەکان


١. دڵنیا بوون لە جێبەجێکردنی دڵنیایی جۆری:

• گەشەپێدان و جێبەجێکردنی چوارچێوەیەکی گشتگیری دڵنیایی جۆری بۆ پڕۆسە ئەکادیمی، کارگێڕی و هەموو کاروبارە پەیوەندیدارەکان بە خوێندکارانەوە.

• چاودێریکردن و خۆ گونجاندن بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتی و ناوخۆیەکان بۆ متمانەپێدان.


٢. بەرەوپێشچوونی بەردەوام:

• پەرەپێدانی کەلتوری بە خۆداچوونەوە و بەرەوپێشچوونی بەردەوام لە ناو پەیمانگادا، هەروەها هاندانی ستاف و فێرخوازان تا بەشێک بن لەو پرۆسەیە بۆ باشترکردنی کوالێتی خوێندن بە شێوەیەکی بەردەوام.

• هەڵسەنگاندن بە شێوەیەکی دەوری و بەردەوام بە پرۆگرامەکانی خوێندن و خزمەتگوزارییەکانی فێرخوازان و کاروبارە کارگێڕییەکان بە مەبەستی باشترکردن و بەرەوپێشچوونی بەردەوام. 


٣. گەشەپێدانی توانای مرۆیی:

• دڵنیابوون لە دەرفەتەکانی گەشەپێدانی توانایی مرۆیی مامۆستایان و ستاف هەروەها باشترکردنی میتۆدەکانی وانەوتنەوە و لێهاتووییە کەسییەکان.

• پشتگیریکردنی بەرنامەکانی ڕاهێنان کە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی وانەوتنەوە دەگونجێن و هانی داهێنان لە توێژینەوەدا دەدەن.


٤. ڕەزامەندی فێرخوازان و فیدباکی فێرخوازان:

• دامەزراندن و بەکارهێنانی رێگە و شێوازی جیاواز و  کاریگەر سەبارەت بە فیدباکی فێرخوازان و دڵنیابوون لەوەی کە نیگەرانییەکان دەگاتە شوێنی خۆی بە مەبەستی  چارەسەر کردن.


٥. متمانەپێدان و دانپێدانان:

• هەماهەنگیکردنی و هاوکاریکردنی پەیمانگە لە پێناو بەدەستهێنانی متمانە نێودەوڵەتی بۆ پەیمانگە و سەرجەم پرۆگرامەکانی.

• هاوکاریکردن و کارکردن لەگەڵ ناوەندەکانی متمانەپێدان لە پێناو گونجاندنی سیاسەت و ژینگەی پەیمانگە لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکان.


٦.  هاوبەشیکردنی دەرەکی:

• دروستکردن و بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتییەکان و پەیمانگە تەکنیکی و پێشییەکان و ناوەندە پیشەسازییەکان و بازاری کار، بە مەبەستی باشترکردنی پڕۆگرامی خوێندن و دۆزینەوەی دەرفەتی زیاتر بۆ فێرخوازان و مامۆستایان.

• بەدواداچوون و وەرگرتنی فیدباکی لە لایەن ناوەندە پەیوەندارەکان سەبارەت بەو بابەتانەی لەدەرەوەی پەیمانگە دەخوێندرێن لە پێناو سەلماندنی راستی و دروستی شێوازی  کوالێتی و بەڕێوەبردن لە پەیمانگە.


مەبەست:

• دڵنیابوون لە بەردەوام بوونی  پەیمانگە لە باشترکردنی کوالێتی پرۆگرامە ئەکادیمیەکانی، خزمەتگوزارییەکان و کاروبارە کارگێڕییەکان.

• بەشداریکردن لە بەدیهێنانی ئامانجە درێژخایەنەکانی پەیمانگە لە ڕێگەی چەسپاندنی دڵنیایی جۆری لە سەجەم کاروبارەکانی پەیمانگەکەدا.

• نیشاندانی وێنەی پەیمانگە وەک دامەزراوەیەک کە پابەندە بە لێهاتوویی، نوێگەری و گەشەی بەردەوامەوە.

• ئامادەکردنی فێرخواز بۆ بازاری کاری مۆدێرن، لە ڕێگەی پەروەردەیەکی کوالێتی بەرزی پەیوەندیدار بە بازاری کار، بۆ ئەوەی بتوانێت با ئاسانی ئالنگاریەکان تێپەرێنێت. .


بینراو : 1462