بە پەرۆشەوە چاوەڕێی شیرپێدانم: گێڕانەوەکانی شیرپێدانی دایکانی ڕزگاربووی جینۆسایدی ئێزیدییە ئاوارەبووەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق

ڕێکەوت : 22 - Mar - 2026
پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان بە هەماهەنگییەکی زانستی لەگەڵ تیمێکی توێژەرانی زانکۆی کارۆلینای باکوور (UNC) لە چاپڵ هیڵی ئەمریکا، وتارێکی زانستیی نوێیان لە گۆڤاری نێودەوڵەتیی (International Breastfeeding Journal) بڵاوکردەوە.
ئەم گۆڤارە نێودەوڵەتییە لە (Web of Science) ئیندێکس کراوە و بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی گۆڤارە زانستییەکانی کلاریوەیت (Clarivate JCR)، خاوەنی فاکتەری کاریگەری (Impact Factor) ٢.٨ـە و لە ڕیزبەندی گۆڤارە پلە یەکەکان (Q1) دێت لە بوارەکانی پزیشکیی منداڵان و تەندروستیی دایکاندا.
وتارەکە لەژێر ناونیشانی "بە پەرۆشەوە چاوەڕێی شیرپێدانم: گێڕانەوەکانی شیرپێدانی دایکانی ڕزگاربووی جینۆسایدی ئێزیدییە ئاوارەبووەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق" بڵاوکراوەتەوە.
ئەم توێژینەوەیە بەرهەمی کارێکی هاوبەشی نێودەوڵەتییە و تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی ژیانی ئەو دایکە ئێزیدییانەی لە جینۆساید و ئاوارەیی ڕزگاریان بووە؛ هەروەها کاریگەرییەکانی زەبرە دەروونییەکان (Trauma)، کۆچبەری و بارودۆخی سەختی ژیان لەسەر پرۆسەی شیرپێدان و تەندروستیی گشتیی دایکان دەپشکێنێت.
لە نێو ئەم توێژینەوەیەدا، د. پێگاه سەیدی، دەروونناس و بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاوێژکاریی پەیمانگەی تەکنیکیی کوردستان، لە ڕوانگەیەکی دەروونییەوە شیکردنەوەی بۆ ڕەهەندە سۆزدارییەکان و ئەو زەبرە دەروونییانە کردووە کە پەیوەستن بە دایکایەتی و شیرپێدان لە نێوان ڕزگاربووە ئاوارەکاندا. ئەمەش گرنگیی تێکەڵکردنی پشتگیریی دەروونی لە ناو پرۆگرامەکانی تەندروستیی دایک و منداڵ، بەتایبەت لە ناوچە جەنگلێدراو و زیانلێکەوتووەکاندا دەردەخات.

2023 © پارێزراوە لە لایەن KTI
Visitor : 1847829