Image

پانێڵێکی زانستی لەبارەی (ڕێگری لە هەڵە باوەکانی پێدانی دەرمان لە نێوان پەرستار، دەرمانساز و پزیشکی پسپۆڕدا)بەڕێوەچوو

ڕێکەوت : 27 - Sep - 2026

لە چوارچێوەی چالاکییە زانستییە بەردەوامەکانیدا و لە پێناو پەرەپێدانی هۆشیاریی تەندروستی و کەمکردنەوەی مەترسییەکان لەسەر گیانی نەخۆش، بەشی دەرمانسازی و پەرستاری لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان پانێڵێکی زانستیی فراوانییان لەژێر ناونیشانی:

(ڕێگری لە هەڵە باوەکانی پێدانی دەرمان لە نێوان پەرستار، دەرمانساز و پزیشکی پسپۆڕدا)

بە ئامادەبوونی ڕاگرایەتیی پەیمانگە، ژمارەیەک لە پزیشکان، مامۆستایان، پسپۆڕانی تەندروستی و فێرخوازان ئەنجامدا.

ئامانج و تەوەرەکانی پانێڵەکە:

پانێڵەکە تیشکی خستە سەر هەستیاریی پڕۆسەی چارەسەرکردن و دابەشکردنی دەرمان لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکاندا. تێیدا گفتوگۆیەکی زانستیی قووڵکرا دەربارەی گرنگیی دروستکردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان سێگۆشەی سەرەکیی چارەسەر (پزیشک، دەرمانساز و پەرستار) بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر هەڵەیەکی دەرمانسازی (Medication Errors) کە ڕەنگە ڕاستەوخۆ ژیانی نەخۆش بخاتە مەترسییەوە، بەتایبەت هەڵەکانی پەیوەست بە ڕەچەتەی پزیشکی، تێکەڵکردنی دەرمانەکان، و کاتی پێدانی دەرمان لە هۆڵەکانی نەشتەرگەری و بەشەکانی چاودێریی چڕ.

پانێڵیستە بەشداربووەکان:

پانێڵەکە لەلایەن (م. هەردی حەسەن ڕەسوڵ)، مامۆستا لە بەشی پەرستاری لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان بەڕێوەبرا، و ئەم پسپۆڕانەی خوارەوە وەک پانێڵیست بەشداربوون:

م. ی. جبار عوسمان سەعید - ماستەر لە پەرستاری منداڵان (باسی لە تایبەتمەندی و هەستیاریی پێدانی دەرمان بە منداڵان و هەڵە باوەکانی پەرستاری کرد).

پ. ی. د. ڤیان ئەحمەد وەستا ئیسماعیل - پزیشکی کلینیکی دەرمانساز (تیشکی خستە سەر ڕۆڵی دەرمانسازی کلینیکی لە پێداچوونەوەی ڕەچەتە، کارلێکی دەرمانەکان و ڕێنماییکردنی دروستی تیمە پزیشکییەکان).

د. هێز ئیهاد محەمەد - پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی (ڕوونکردنەوەی دا دەربارەی بەرپرسیارێتی پزیشک و گرنگیی وردبینی لە ژوورەکانی نەشتەرگەری و کاتی نووسینی پرۆتۆکۆڵە دەرمانییەکان).

دەرئەنجام و ڕاسپاردەکان:

لە بەشی کۆتایی پانێڵەکەدا، دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان کرایەوە و دواتر پانێڵەکە بە چەند ڕاسپاردەیەکی گرنگ کۆتایی هات؛ لەوانە: پێویستیی کارکردنی بەردەوام بە سیستەمی ئەلیکترۆنی لە نووسینی دەرماندا، سەردان و بەدواداچوونی ڕۆژانەی دەرمانسازی کلینیکی لە هۆبەکانی نەخۆشخانە، بەهێزکردنی توانای پەرستاران لە خوێندنەوەی دروستی ڕەچەتە و لەیبڵەکان، و سازدانی خولی ڕاهێنانی بەردەوام بۆ ستافە پزیشکییەکان بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی نەخۆش.

بینراو : 317