Image

لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان پانێڵی زانستیی ژیریی دەستکرد لە هۆڵەکانی وانەوتنەوە بۆ جیهانی کار بەڕێوەچوو بە چەندین ڕاسپاردەی گرنگ کۆتایی هات

ڕێکەوت : 23 - Sep - 2026

لە چوارچێوەی چالاکییە زانستی و ئەکادیمییە بەردەوامەکانیدا، بەشی دیجیتاڵ میدیا و مارکێتینگ لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧)، پانێڵێکی زانستیی فراوانی لەژێر ناونیشانی:

ژیریی دەستکرد لە هۆڵەکانی وانەوتنەوە بۆ جیهانی کار (AI: From Classrooms to the World of Work)

لە هۆڵی کۆنفرانسی شێخ فاخر شێخ تەیب قەیوانی، بە ئامادەبوونی ڕاگرایەتی پەیمانگە، کەسایەتییە ئەکادیمییەکان، پسپۆڕانی بوارەکە، مامۆستایان و فێرخوازان بە سەرکەوتوویی ئەنجامدا.

لە میانی پانێڵەکەدا، بە شێوەیەکی چڕوپڕ تیشک خرایە سەر گۆڕانکارییە خێراکانی تەکنەلۆجیا و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی ژیریی دەستکرد (AI) لەسەر پێکهاتەی بازاڕی کاری هاوچەرخ. پانێڵیستەکان و پسپۆڕانی بەشداربوو باسیان لە چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد کرد لە ناوەندەکانی خوێندندا بە مەبەستی ئامادەکردنی فێرخوازان بە شێوازێک کە لەگەڵ خواست و پێداویستییەکانی بازاڕی کاری میدیا و بەبازاڕکردندا بگونجێن.

هاوکات لە پەراوێزی پانێڵەکەدا، پێشانگایەکی تایبەت بۆ بەرهەم و کارە پراکتیکییەکانی فێرخوازانی بەشی دیجیتاڵ میدیا و مارکێتینگ کرایەوە. فێرخوازان کۆمەڵێک پڕۆژەی پێشکەوتوویان لە بوارەکانی بەرهەمهێنانی میدیایی، دروستکردنی ناواخن، دیزاین و کەمپەینی بەبازاڕکردندا نمایش کرد، کە تێیدا لە ڕێگەی ئامرازەکانی ژیریی دەستکردەوە توانیبوویان کارامەیی و لێهاتوویی بەرزی خۆیان بخەنەڕوو، کە ئەمەش بووە جێگەی دەستخۆشی و سەرنجی گەرمی ئامادەبووان.

لە بڕگەیەکی دیکەی چالاکییەکەدا، لەلایەن ڕاگرایەتیی پەیمانگەوە بڕوانامەی ڕێزلێنان و سوپاسنامە پێشکەش بەو مامۆستا و پسپۆڕە میوانە خۆبەخشانە کرا کە لە پڕۆژەی وانەی تایبەتی (AI in the Media and Marketing)دا بەشدارییان کردبوو و سەرپەرشتیاری و هاوکاریی بەردەوامی فێرخوازانیان کردبوو تا گەیشتن بەم ئاستە بەرزە.

ڕاسپاردە و دەرئەنجامەکان:

لە کۆتایی چالاکییەکەدا، پانێڵەکە بە چەندین دەرئەنجام و ڕاسپاردەی گرنگ کۆتایی هات، لە دیارترینیان:

جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی نوێکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن و زیاتر ئاوێتەکردنی ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد لەگەڵ پڕۆسەی فێرکاریدا.

بەستنەوەی زیاتری ناوەندە ئەکادیمییەکان بە کەرتی تایبەت و بازاڕی کار بۆ تێگەیشتن لە پێداویستییە نوێیەکان لە سەردەمی شۆڕشی دیجیتاڵیدا.

پێویستیی هۆشیارکردنەوەی فێرخوازان لە بەکارهێنانی بەرپرسانە، ئەخلاقی و پیشەگەرانەی ژیریی دەستکرد لە بواری بەرهەمهێنانی میدیاییدا.

پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان وەک هەمیشە دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی توانای فێرخوازانی و بەستنەوەی زانستە تیۆرییەکان بە بازاڕی کار، بە مەبەستی پێگەیاندنی نەوەیەکی لێهاتوو و بەتوانا.


بینراو : 139