Image

پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان جارێکی تر ڕیکۆردێکی بێهاوتای تۆمار کرد

ڕێکەوت : 18 - Jun - 2025

پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان لە ڕانکینگی کاریگەری دامەزراوەی تایمز-٢٠٢٥ (The Impact Ranking 2025)، لە کۆی (٢٥٢٦) زانکۆی بەشدار لە ١٣٠ وڵاتی جیهان پلەی (١٥٠١+) بەدەستدەهێنێت. پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان وەکو هەمیشە یەکەمین و  تاکە پەیمانگەیە لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و تەنانەت ناوچەکە لە ڕانکینگەکە لیست کراوە و هاوشانی زانکۆ گەورەکان کێبركێ دەکات لەپێش چەندین زانکۆی حکومی و تایبەتەوە هاتووە.

شایەنی باسە لەسەر ئاستی عێراق، پەیمانگەمان لە نێوان زیاتر لە ٢٥٠ زانکۆ و پەیمانگە و دەستە توانیویەتی پلەی (٦١) شەست و یەک بەدەست بهێنێت. هەروەها لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە نێو زیاتر لە (٦٠) زانکۆ و پەیمانگە و دەستەدا پلەی (١٢) دوازدەی بەدەست هێناوە، سەرەڕای ئەوەی کە پەیمانگە KTI یەکەم جارە بەشداری دەکات لە ڕانکینگەکەدا.

ڕانکینگی کاریگەری(Impact Ranking) یەکێکە لە ڕانکینگەکانی دامەزراوەی تایمز بۆ بواری خوێندنی باڵا، لەسەر کۆمەڵێک بنەما بۆ بەرجەستە کردن و بەدیهێنانی (١٧) حەڤدە ئامانجەکەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (SDGs) هەڵدەسەنگێنێت. ئەم ڕانکینگە پشت دەبەستێت بە کاروچالاکییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە ساڵی (٢٠٢٢-٢٠٢٣) ئەنجامیانداوە. بەتایبەت کاروچالاکییەکانی توێژینەوە و بایەخ پێدان و پەیوەندی زانکۆ و پەیمانگە لەگەڵ کۆمەڵگە و دەرەوەی زانکۆ و پەیمانگە  و کواڵیتی خوێندن و وانە وتنەوە.

پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان داتای بۆ ٧ ئامانج پێشکەشکردووە و بۆ ساڵی داهاتوو پلانمان هەیە بۆ هەر ١٧ ئامانجەکە داتا پێشکەش بکەین.

• ئامانجی سێیەم: تەندروستی باش و خۆشگوزەرانی پلەی (٨٠١-١٠٠٠)

• ئامانجی چوارەم: کواڵێتی خوێندن و وانەوتنەوە پلەی (١٥٠١+)

•ئامانجی پێنجەم: جیاوازی ڕەگەزی پلەی (١٠٠١-١٥٠٠)

• ئامانجی شەشەم: ئاوی خاوێن و پاکژکردنەوە پلەی (٦٠١-٨٠٠)

• ئامانجی یازدەم: پەرەپێدانی بەردەوامی شار و کۆمەڵگە پلەی (١٠٠١+)

• ئامانجی دوازدەیەم: بەرپرسیارێتی بەکارهێنان و بەرهەمهێنان پلەی (٨٠١+)

• ئامانجی حەڤدەیەم: هەماهەنگی و پەیوەندییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان پلەی (١٥٠١+)

تایمز بۆ خوێندنی باڵا دامەزراوەیەکی تایبەتمەند و گرنگ و بەناوبانگە بۆ ‌هەڵسەنگاندنی هەزاران زانکۆ و دامەزراوەی خوێندنی باڵا لە سەرانسەری جیهان، چەند ڕانکینگی جیاوازی هەیە. ئەم دامەزراوەیە بەریتانییە و یەکێکە لە سێ سەرەکیترین دامەزراوەکانی ڕانکینگ لە جیهاندا. 

ڕاگرایەتی پەیمانگە پیرۆزبایی گەرم لە دەستەی ئەمینداران، مامۆستایان، فەرمانبەران و فێرخوازانی پەیمانگە دەکات بە بۆنەی بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە مەزنە. جێی خۆیەتی سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایان، فەرمانبەران و فێرخوازان بکەین لەپای هەوڵ و ماندبوونیان لە تەواوی پرۆسەکەدا. دڵنیاین لە ساڵانی داهاتوودا لەم ڕیزبەندییە زیاتر دەچینە پێشەوە.

بینراو : 1183